<'' پڕۆژە گەورەکە دەستبەکاربوو'' لەم قەیرانەدا شارەوانییەکان بە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت

ئەمڕۆ لەمیانی مەراسیمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردنی خاشاکی سنووری (چەمچەماڵ و دەوروبەری) هەروەها (دوکان و دەوروبەری) دەستبەکاربوو. لەو مەراسیمەدا کە ئەندازیار سەلام بیلال، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و رەمەک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ دەستبەکاربوونی پڕۆژەکەیان لە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە راگەیاند.
وەفدی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی کە ئاسۆ شێرکۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری هونەری و حەسەن عەلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری پلاندانان و گرێبەستەکان و ژینگە و هونەری و ژمێریاری یاوەری بوون، پاشان سەردانی شارۆچکەی دوکانیان کرد بۆ هەمان مەبەستی دەستبەکاربوونی پڕۆژەی خاوێنکردنەوەی (دوکان و دەوروبەری)، شاهۆ عوسمان، قائیمقامی دوکان و پشتیوان حاتەم، سەرۆکی شارەوانی دوکان هاوتای بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا.
پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەکی زەبەلاحی خاوێنکردنەوە دادەنرێت، بەتایبەت لەمکاتەدا کە قەیرانی دارایی بەشێکی گەورەی پڕۆژەکانی پەکخستووە، بەڵام دواجار ئەم پڕۆژەیە بە هەوڵی هەموو لایەک دواجار دەستبەکاربوو، هەروەها رۆڵی دەبێت لە بەکارخستنی دەستی کار لەو ناوچانەی کارەکەی تێدا دەکرێت بەتایبەتی.
پڕۆژەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردنی خاشاکی هەردوو زۆنی دوکان و چەمچەماڵ، بە بودجەی ٤٥ ملیار دینار لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیای شکارەوە جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە ماوەی چەند مانگێکە بە هۆکاری هونەری وەستاوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بە چاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەستان بە دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە، دواتر لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمان کرا بە کارکردنی کۆمپانیای ناوبراو بۆ ماوەی مانگێک وەک هەڵسەنگاندنی تواناکان و چاودێریکردنی پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانەوە، پاشان لە ئەگەری سەرکەوتنی کارەکەدا کۆمپانیای ناوبراو بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکە، بەپێچەوانەوە بیر لە میکانیزمی گونجاوی دیکە دەکرێتەوە.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM