بەئامانجی خزمەتکردنی زیاتر دوو سەرۆک شارەوانی ئاڵوگۆڕیان پێکرا

لەمیانی دوو مەراسیمی جیاوازدا، ئەمڕۆ ئەندازیار سەلام بیلال بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڕیاری دا بە ئاڵوگۆڕکردن لە دوو شارەوانی جیاوازدا. بڕیاری گۆڕانکارییەکان بەئامانجی زیاتر پێشخستنی کارەکان و خزمەتکردنی زیاتر و جیاوازتری ناوچەکانە.
سەرەتا لە ناحیەی سێوسێنان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و بەرپرسە حکومییەکانی ناوچەکە و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بڕیاری گۆڕینی ئەندازیار کەمال مەحمود سەرۆکی شارەوانی سێوسێنان و دانانی ئەندازیار ئەسعەد رەزا لەبری بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی جێبەجێ کرا.
دواتر و لە مەراسیمێکی دیکەدا لە شارۆچکەی بەرزنجە ئەندازیار کەمال مەحمود لەبری ئەندازیار هیوا کەریم بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ناوبراو دەستبەکاربوو.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند: هۆکاری گۆڕانکارییەکان پەیوەندی نیە بە کەمتەرخەمی یان کێشەی یاسایی و بابەتی دیکە، بەڵکو گواستنەوەی خزمەت لە شوێنێکەوە بە جێگەیەکی دیکە لە ساڵانی خزمەتکردندا، دەبێتە گوڕێکی دیکە بە رۆحیەتی کارکردن لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت.
راشیگەیاند: خزمەت و کارکردنی سەرۆکی شارەوانییە جیاوازەکان و هەرچی کارمەندی شارەوانییەکانە، بوونەتە مایەی شانازییمان و روویەکی جوانی حکومەتی هەرێمیان بۆ خەڵک سەلماندووە و وێڕای قەیرانەکان توانیویانە خەڵکی ناوچە جیاوازەکان لە کارەکانیان رەزامەند بکەن.
دەستبەکاربووانی پۆستە نوێیەکانیش لەبەردەم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و بەرپرسە ئیدارییەکان و خەڵکی ناوچەکان، بەڵێنی کاری نوێ و گوڕێکی باشتر و خزمەتی زیاتر بە هەمئاهەنگی نێوان یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکان دووپاتکردەوە.
پاشان پێشنیاز و داواکاری پڕۆژەکان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان لە خەڵکی ناوچەکان وەرگیرا و بەڵێنی جێبەجێکردنیان دووپاتکرایەوە. هەروەک کۆمەڵێک پڕۆژەیان بەسەرکردەوە و جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری پلاندانان و ژینگە و چەند بەرپرسێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی یاوەری وەفدەکە بوون.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM