” لە شارەوانییەکان دەستاودەستی دەسەڵات کرا ”
بەڕێوەبەری نوێی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی دەستبەکاربوو

دوای شەش مانگ لە بەڕێوەبردنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی بە وەکالەت ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی و لەژێر چاودێری دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەندازیار سەلام بیلال دەستاودەستی دەسەڵاتی کرد لەگەڵ ئەندازیار کەمال مستەفا و ناوبراو وەک بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی دەستبەکاربوو. پارێزگاری سلێمانی جەختی كردەوە لەسەر جیاوازی سروشتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شاری سلێمانی و فەراهەمكردنی ئەو كەشە سیاسییە ساغڵەمە بۆ دەستاودەستی دەسەڵات لەم شارەدا.
مەراسیمەکە بەئامادەبوونی ئەرجومان تەحسین بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی شارەوانی و کەیفی سدیق بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆیەتی لە وەزارەت و ئاسۆ شێرکۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتی و سەرجەم بەڕێوەبەرەکانی ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەندازیار سەلام بیلال، سوپاسی کارمەندان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە لەمیانی کارکردنیدا هاوکاری بوون بۆ سەرخستنی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە لەخزمەتی هاوڵاتیان.
وتیشی: ئێمە دەستاودەستی دەسەڵات دەکەین، چونکە خزمەتکردن لە شوێنێکی دیکە چاوەڕێمانە.
پاشان کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری نوێی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی، رایگەیاند: پێدانی هەر پلە و پۆستێک سپاردنی ئەرکێکی سەرشانمانە نەک ئیمتیاز و سوپاسی بەڕێوەبەری پێشووی گشتی شارەوانی سلێمانی دەکەم کە ئەم ئەرکەی بە دڵسۆزانە گرتۆتەئەستۆ و خزمەتی پێویستی بە هاوڵاتیان کردووە، هیوادارم ئەو کارانە تەواو بکەم کە دۆخەکە و ماوەی خزمەتکردنی دەرفەتی نەدا تەواوی بکات، هەروەها دەمەوێت بەدیدێکی نوێوە خزمەتی زیاتر پێشکەش بە بواری شارەوانی و گەشتوگوزار بکەم.
پۆستی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە لە دەسەڵاتی خۆجێیەتی پارێزگای سلێمانی و پاش دوو بەڕێوەبەری گشتی سەر بە بزوتنەوەکە، ئەمجارە ئەندازیار کەمال مصطفا لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوە.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM