ساڵانه‌ به‌ ده‌یان كه‌س له‌ رێگای كلكه‌سماق ده‌بنه‌ قوربانی
 

رێگای كۆیه‌ ـ دوكان، كه‌ به‌ شاخی كلكه‌سماقدا تێده‌په‌ڕێت، رۆژانه‌ رووداوی جیاواز تیایدا رووده‌دات، سه‌ختی رێگاكه‌ و خراپی شه‌قامه‌كه‌ و په‌یوه‌ستنه‌بوونی شۆفێران به‌ یاساكانی هاتوچۆوه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانن.
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا رووداوی وه‌رگه‌ڕانی ( قیرهه‌ڵگرێك) هۆكاری پێداچوونه‌وه‌ بوون به‌ چاره‌سه‌ره‌كاندا و كێشه‌كه‌ بووه‌ بابه‌تێكی جدیتر له‌ رابردوو، وه‌رگه‌ڕانی قیرهه‌ڵگره‌كه‌ وێڕای زیانی زۆری بۆ شه‌قامه‌كه‌ و سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی ده‌وربه‌ری رووداوه‌كه‌، بڕێكی زۆری قیره‌كه‌ رژایه‌ ئاوی زێی دوكانه‌وه.
پشتیوان حاته‌م، سه‌رۆكی شاره‌وانی دوكان ده‌ڵێت: چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ شه‌قامی شاخی (كلكه‌سماق) بوه‌ته‌ گرفتی گه‌وره‌ بۆ شاره‌كه‌مان، ئێمه‌ درێغیمان نه‌كردووه‌ له‌ به‌هاناوه‌چوونی رووداوه‌كان، به‌ڵام رووداوه‌كان وێڕای لێكه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی زۆری گیانی، زیانی زۆر له‌ شه‌قام و رێگاكان داوه‌.
سه‌رۆكی شاره‌وانی دوكان، راشیگه‌یاند: چه‌ندینجار نووسراومان بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، بارهه‌ڵگره‌كان ئه‌و رێگایه‌ به‌كارنه‌هێنن و رێگای ئه‌ڵته‌رناتیڤمان هه‌یه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌كراوه‌ته‌ بڕیار.
رائید به‌رهه‌م شێرزاد، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی شارۆچكه‌ی دوكانیش سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه‌ ده‌ڵێت: به‌كارهێنانی ئه‌و رێگایه‌ هۆكاربووه‌ بۆ سه‌دان رووداوی نه‌خوازراو و بوونه‌ قوربانی ده‌یان كه‌س، بۆیه‌ ده‌بێت هاتوچۆی شاری كۆیه‌ و ناوچه‌كانی دیكه هاوكارمان بن له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی ئه‌و رێگایه‌ له‌لایه‌ن بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌.
وتیشی: رێگای به‌دیلمان هه‌یه‌، به‌ڵام شۆفێران له‌به‌رئه‌وه‌ی دوورتره‌ به‌كاریناهێنن، به‌ڵام ده‌بێت به‌یاسا شۆفێران ناچاربكرێن، ئه‌گه‌ر شۆفێران په‌یوه‌ست نه‌بن به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌، ئه‌وا
سزاده‌درێن.
کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM