له‌ سه‌ردانێكی تایبه‌ت و به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ پڕۆژه‌كانی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی كێشه‌ی چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌ك،

ئه‌مڕۆ ئه‌ندازیار كه‌مال مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی به‌یاوه‌ری حه‌سه‌ن محه‌مه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بۆ كاروباری یاسایی و به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كان و چه‌ند به‌رپرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ گرفته‌كانی ئه‌و شاره‌وانیانه‌، سه‌ردانی شاره‌وانی ئه‌ڵڵایی و بازیان و ته‌یناڵ و گۆپاڵه‌ و به‌رده‌قاره‌مانی كرد.
له‌ ئه‌ڵڵایی وێڕای پێشوازی بۆ هه‌نگاوی به‌ره‌وپیرهاتنی كێشه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی، رێگاچاره‌ی پێویست دانرا به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی داهاتی شاره‌وانی ناوبراو، هێرۆ تاهیر، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌ڵایی
دڵنیایی دا كه‌ له‌ماوه‌ی نزیكی ئاینده‌دا داهاته‌كان زیاتر ده‌بن له‌ ساڵانی رابردوو.
وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی، ناحیه‌ی بازیان بوو، له‌وێ كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ دابه‌شكردنی زه‌وی باسی لێوه‌كرا، نه‌وزاد جه‌لال، سه‌رۆكی شاره‌وانی بازیان پشتگیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی به‌رزنرخاند بۆ چاره‌سه‌ركردن و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی.
پاشان له‌ ناحیه‌ی ته‌یناڵ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ رێوشوێنی خێرا و پێویست دانرا به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ زیاده‌ڕه‌وی، شۆڕش محه‌مه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانی ته‌یناڵ رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هاوكاری بكرێن و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پشتگیریان بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن زیاده‌ڕه‌وی به‌یه‌كجاری چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ناحیه‌ی به‌رده‌قاره‌مان وێڕای نه‌بوونی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی تیایدا، به‌ڵام پڕۆژه‌ پێویست و به‌رده‌وامه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ به‌رده‌وامن، سیروان خدر، سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌رده‌قاره‌مان, سه‌ردانی به‌رپرسانی به‌گرنگ وه‌سفكرد بۆ ئاگاداربوون له‌ كێشه‌كانیان و به‌رده‌وامیدان به‌ هاوكارییه‌كانی مادییه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
دوا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانیه‌كه‌ی ئه‌ندازیار كه‌مال مسته‌فا، ناحیه‌ی گۆپاڵه‌ بوو، له‌وێش گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ زه‌وی و زار له‌نێوان شاره‌وانی و داواكاری گشتیدا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانیه‌كانی سلێمانی به‌ڵێنی دا ئه‌م گرفتانه‌ به‌ هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی چاره‌سه‌ر بكرێت و ببێته‌ چاره‌نووسێكی روونیش كه‌ چیدی زه‌وی حكومه‌ت و شاره‌وانی له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه‌

زیاده‌ڕه‌وی نه‌كرێته‌ سه‌ر.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM