لە باسنێ و کەناروێ بەشێک لە پڕۆژەکان دەستبەکاردەبنەوە

ئەندازیار کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، بە یاوەری بەڕێوەبەری ژینگە و پڕۆژەکان و ژمێریاری و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان، سەردانی مەیدانیی بۆ چەند شارەوانییەک ئەنجامدا.
قەزای چوارتا وێستگەی یەکەمی سەردانی وەفدەکە بوو، لەوێ سەردانی شارەوانی چوارتایان کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ بەدواداچوونی کێشە و کەموکوڕییەکانی بواری شارەوانی ناوچەکە، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان بڕیاری دەستبەکاربوونەوەی پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی قەزاکەی دا کە تۆڕێکی بەستراوە بە ئاوەڕۆی سندووقی گشتی چوارتاوە.
سدیق ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانی چوارتا داوای کرد هەرچی زووە نەخشەی بنەڕەتی چوارتا جێبەجێ بکرێت کە بڕی ٢٠ ملیۆن دیناری پێویستە، ئەمە لە کاتێکدا نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی بۆتە هۆکاری کێشەی زۆر لەبەردەم کارەکانی شارەوانی ناوبراودا. ئەندازیار کەمال مستەفا بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەشی دا و لەزووترین کاتدا پارەی پێویستی بۆ تەرخاندەکرێت.
ناحیەی کەناروێ، لەڕووی گرنگیپێدان و بەدواداچوونی گرفتەکانیەوە، لە ئەولەویەتی سەردانی وەفدەکە بوو، لەوێ ئومێد جەلال، سەرۆکی شارەوانی کەناروێ گرفتەکانی کۆنکرێتی بەشێک لە گەڕەکەکانی ناحیەکە و کێشەی ئاوەڕۆی کەناروێی خستەبەردەم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی و راستەوخۆ بڕیاردرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانیەوە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و بۆ وەرزی سەرما و زستان کارەکە تەواو بووبێت. هەروەها گرفتەکانی پڕۆژەی دروستکردنی بینای شارەوانی کەناروێ باسکرا و بڕیاری رێکاری یاسایی پێویست درا لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری دروستکردنی بیناکەیان دا.
لەکۆتایی سەردانەکەیدا، ئەندازیار کەمال مستەفا، سەردانی ناحیەی (باسنێ)ی کرد و لەلایەن خالید عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی ناوبراوەوە وێڕای بەخێرهێنان و پێشوازی گەرم، رایگەیاند: لە وەرزی نوێدا، پڕۆژەی پاککردنەوەی ناوچەکەیان بەهۆی بەفر و ساردی و تووشیەوە گرفتی دێتەپێش، هەربۆیە دابینکردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەتمەند بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە، بە مەرجی سەرکەوتنی کارەکە دەزانن، دەستبەجێ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی سلێمانیش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دا و جەختی لە هەمئاهەنگی پێویست کردەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بۆ لابردنی ئاستەنگەکان.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM