زێی دوكان پاكدەكرێتەوە و رێڕەوی ئاوەكە رێكدەخرێت
 

٢٥ كرێكاری ماندوونەناس و تا ناوقەد نوقمی ئاوی رووبارەكە، پڕۆژەی پاككردنەوەی زێی دوكان ئەنجامدەدەن. پاككردنەوەی زێیەكە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی دوكان و بەهاوكاری كۆمپانیای شكار بەڕێوەدەچێت.
پشتیوان حاتەم، سەرۆكی شارەوانی دوكان رایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی چاكسازی لە كارەبا و هەندێك كاری دیكەی پێویست لە بەنداوی دوكان، ئاوی زێیەكە گیرایەوە، بۆیە بە هەلێكی باشمان زانی بۆ پاككردنەوەی ئاوەكە و بە هاوكاری كۆمپانیای شكار بە ئامادەكردنی ٢٥ كرێكار بۆ كارەكە و چەندین ئامێری وەك گەڵابە و شۆفڵ و كەپسی خۆڵی خۆمان، قۆناغی یه‌كه‌می پاككردنه‌وه‌ی زێی دوكانمان ئه‌نجامدا.
سه‌رۆكی شاره‌وانی دوكان نیگه‌رانی خۆشی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی گه‌شتیاران له‌ ناوچه‌كه‌دا و وتی: له‌كاتێكدا ئێمه‌ ته‌نه‌كه‌خۆڵ و چه‌ندین حاویه‌ی باشمان له‌ ناوچه‌كه‌دا داناوه‌، به‌ڵام گه‌شتیاران و ته‌نانه‌ت خاوه‌ن كه‌پره‌كانی هه‌ردووبه‌ری رووباره‌كه‌، هه‌رچی پاشماوه‌ و پیسیه‌كیان هه‌بێت فڕێیده‌ده‌نه‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌و قه‌وزه‌ زۆره‌ی له‌ ئاوه‌كه‌دایه‌، ئه‌و پیسیانه‌ له‌ئاوه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ پڕۆژه‌ی رێكخستنی رێڕه‌وی زێی دوكان و ئاوه‌ڕۆ هه‌ردووبه‌ری رووباره‌كه‌ راوه‌ستاوه‌ و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی ئاینده‌دا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بخرێته‌وه‌ بواری جێبه‌جێكردن، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ری به‌شێكی دیكه‌ له‌ كێشه‌كانی زێیه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.
کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM