ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ئەڵڵایی بە ئامادەبوونی ئەندازیار کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و نەوزاد نوری،

بەڕێوەبەری ناحیەی بازيان و هێرۆ تاهیر، سەرۆکی شارەوانی ئەڵڵایی ( ٥٩ پارچە زەوی ) بەسەر (٦٥ پیشەوەر) ی ناوچەکەدا دابەشکرا.

دابەشکردنی ئەو زەوییانە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بەمەبەستی رێکخستنی ناوچەی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا.
لە مەراسیمی دابەشکردنی زەوییەکاندا کە پیشەوەرانی ( چاکەرەوەی ئۆتۆمبێل و ئاسنگەر و دارتاش و جوانکاری و چەند پیشەیەکی دیکە) ئامادەی بوون، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی رایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی وڵاتەکەمان، بەتایبەت پیشەوەران کە کۆڵەکەی پشتی ئابووری وڵاتەکەمانن.
پیشەوەرانیش سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان و شارەوانی ئەڵڵاییان کرد و هیوایان خواست لە زووترین کاتدا خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ دابین بکرێت، وەکو (ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگاوبانی زەوییەکان).
هێرۆ تاهیر، سەرۆکی شارەوانی ئەڵڵایی، لە وەڵامی داواکەیاندا رایگەیاند: سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوچەی پیشەسازی ئەڵڵایی خراونەتە بەرنامەوە و ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراون و لەماوەی ئایندەدا دەست بەکاکردن دەکەن تیایدا.
وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەی ئەندازیار کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی سەردانی شارەوانی ئەڵڵایی بوو، لەوێش بەشەکانی شارەوانییەکە و گرفت و کێشەکانی شارەوانییەکەی لەگەڵ بەرپرسانی شارەوانی تاوتوێ کرد.
ئەم سەردانەی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بە یاوەری بەڕێوەبەری گرێبەستەکان و ژمێریاری و چەند بەرپرسێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بوون و نەوزاد محەمەد، سەرۆکی شارەوانی بازیان و سالار محەمەد، سەرۆکی شارەوانی تەیناڵ ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM