نزیكه‌ی 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخانكراوه‌

سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی شۆڕش چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌ شارۆچكه‌كه‌دا جێبه‌جێ ده‌كات، وه‌كو (قیرتاو و كۆنكرێت و دروستكردنی باخچه‌ و چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی دیكه‌ش).
بورهان عه‌بدوڵا سه‌رۆكی شاره‌وانی شۆڕش رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نیشته‌جێبوونی چه‌رموو سیتی به‌بڕی زیاتر له‌ 14 ملیار دینار له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌ڕێزه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بودجه‌ی پڕۆژه‌كه‌ 7 ملیاردیناری حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجی ده‌كات و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌ڕێز خۆیه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌.
هه‌روه‌ها قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێك كه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای په‌ره‌پێدانی ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ نزیكه‌ی 2 ملیۆن دۆلاره‌.
سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كانی دیكه‌ كه‌ ئێستا له‌ ناحیه‌ی شۆڕش كاری تێدا ده‌كرێت، سه‌رۆكی شاره‌وانی ناوبراو رایگه‌یاند: باخچه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی باخچه‌ دروست ده‌كه‌ین كه‌ نزیكه‌ی 172 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌ و له‌لایه‌ن بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت.
بورهان عه‌بدوڵا راشیگه‌یاند: پڕۆژه‌ی دووسایدكردن و قیرتاوكردنی شۆڕش و كربستۆنی گه‌ڕه‌كی قادركه‌ره‌مییه‌كان، كارێكی دیكه‌مانه و به‌بڕی 375 ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌رۆكی شاره‌وانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ی كاری تێداده‌كرێت، سه‌رجه‌میان له‌ ساڵانی رابردوودا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ كاركردن تیایاندا وه‌ستابوو، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك ئێتسا كاره‌كانیان ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی نزیكی ئاینده‌دا ته‌واوده‌بن و سیمایه‌كی جیاوازتر و شارستانیتر ده‌ده‌نه‌ ناحیه‌كه‌.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM