پڕۆژەکە بنەما ژینگەیی و تەندروستییەکانی تێدا رەچاوکراوە

بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و بەهاوکاری کۆمپانیای شکار، بەئامادەبوونی ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری هونەری و ئەندازیار قاسم حەمە خورشید جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری ئیداری و مافناس حەسەن عەلی جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری یاسایی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێل رامادا سیمینار و دێباتێکی تایبەت بە پڕۆژەی (کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردن و ریسایکلینی خۆڵ و خاشاکی زۆنی چەمچەماڵ و دەوروبەری هەروەها دوکان و دەوروبەری) بەڕێوەچوو، کە لەئێستادا پڕۆژەکە بەردەوامە لە بوارەکانی کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردندا، بەڵام کارگەی ریسایکلینەکەی تەنها دیزاین کراوە و لە ماوەی نزیکی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت.
سیمینارەکە لەلایەن کۆمپانیای (فالات)ی ئێرانییەوە ئەنجامدرا، کە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری گەورەیە و خاوەنی چەندین کاری هاوشێوەیە لە شارەکانی وڵاتی ئێران، تیایدا وردەکاریی و روونکردنەوەی تەواو پێشکەشکرا سەبارەت بە پڕۆژەکە و دیاریکردنی بنەما زانستیە جیاوازەکان کە لەم پڕۆژەیەدا بوونی هەیە.
پاشان لەلایەن بەرپرسان و شارەزایانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانەوە پلانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەوڵەمەندکرا بەپێشکەشکردنی تێبینی و رەخنە و هۆشداری لە گرفتەکانی بەردەم کارەکە.
ئەندازیار سەلام بیلال بەرپرسی کارە هونەریی و ئیدارییەکانی دیدارەکە رایگەیاند: بوونی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە، مایەی دڵخۆشی و گۆڕانکاریی ریشەییە لە شێوازی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و سوودوەرگرتن و بەبازاڕکردنی پاشماوە و خاشاکە سوودبەخشەکانی وڵاتەکەمان.
هەروەها ئەندازیار نەوزاد ئەمین سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دووپاتیکردەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی لەم چەشنە قۆناغی باشمان بڕیوە و دەبێت هاوشێوەی وڵاتانی دەوروبەرمان ئیدی پڕۆژەکان بە کوالیتی و توانای ئەندازیاری باش جێبەجێبکرێن.
پڕۆژەی (کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردن و ریسایکلینی خۆڵ و خاشاکی زۆنی چەمچەماڵ و دەوروبەری و دوکان و دەوروبەری) بە بڕی نزیکەی (٤ ملیۆن دۆلار) جێبەجێ دەکرێت.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM