ئەمڕۆ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ئەندازیار كەمال مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و

ئەندازیار ئاسۆ شێركۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتی، سەردانی پڕۆژەی ریسایكلینی تەكیەی كاكەمەندیان كرد بۆ چاودێریكردنی پڕۆژەكە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی، لەوێ لەلایەن رەمەك رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ پێشوازیكران. پاشان لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەندازیار كەمال مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی، رایگەیاند: پڕۆژەكە تەحەدایەكی گەورەیە لە بواری خزمەتگوزارییدا و هەوڵدەدەین بەباشترین شێوە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواوبێت.
‎ڕاشیگەیاند: پڕۆژەكە دەبێتە دەستپێكێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سنوورەكە و شارەكانی دیكەی كوردستان ، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانیەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
‎دواتر د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە جێی دەستخۆشییە و هەمووان چاومان لەسەر سەركەوتنیەتی.
‎پاشان خاوەن و بەرپرسان و جێبەجێكارانی پڕۆژەكە كە كۆمپانیای شكارە، جەختیان كردەوە لەسەر هەرچی خێرا جێبەجێكردنی كارەكەیە و ئەوپەڕی توانای خۆیان دەخەنەگەڕ كە لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا كارەكە تەواوبێت و داوایانكرد كارە یاسایی و گرفتە مادییەكان لابدرێت لەبەردەم كارەكەدا.
.
‎پڕۆژەی ریسایكلینی تەكیەی كاكەمەند بە بڕی (١١ملیۆن دۆلار) لەسەر رووبەری نزیكەی (١٠٠ هەزار مەتر سێجا) جێبەجێ دەكرێت و ماوەی دووساڵ دەخایەنێت.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM