بزانە کورتەیەک لەسەر ( ئاغجەلەر)

ناحیه‌ ئاغجه‌له‌ر، یه‌كێكه‌ له‌ناحیه‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و له‌ئێستادا له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانییه‌-تا ئه‌وكاته‌ی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كرێت-. ئاغجه‌له‌ر نزیكه‌ی (70)كم له‌پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ دووره‌، ئه‌م ناحیه‌یه‌ (62) گوندی له‌خۆگۆتووه‌، له‌ئێستادا به‌شێكی زۆریان ئاوه‌دانكراونه‌ته‌وه‌. له‌ پێش ده‌ستپێكردنی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالكردنی گه‌لی كوردو له‌ ساڵی 1986دا ناحیه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی وێرانكراوه‌و ئاوه‌دانی تیا نه‌هێڵراوه‌، به‌ڵام له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كورد و به‌تایبه‌تیتر له‌ساڵانی 1992-1993 له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی زیاتر له‌ (2500) كه‌سه‌. گۆپته‌په‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گونده‌ به‌ناوبانگ و گه‌وره‌كانی ناحیه‌كه‌، یه‌كێكه‌ له‌شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووره‌كه‌و خه‌ڵكێكی زۆر بۆ سه‌ردان و گه‌شتوگوزار ڕووی تێ ده‌كه‌ن. له‌ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانگه‌ی حكومی هه‌ن له‌وانه‌: (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌، سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی، بنكه‌ی پۆلیس، فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی، بنكه‌ی ئاسایش، نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فورر ئاغجه‌له‌ری، چوار قوتابخانه‌ له‌ بنه‌ره‌تییه‌وه‌ تا دوانزه‌یه‌می ئاماده‌یی خوێندكاری هه‌یه‌، بنكه‌ی به‌رگری شارستانی، لقی كشتوكاڵ، بنكه‌ی پۆلیسی دارستان، فه‌رمانگه‌ی ئاو، دوو مزگه‌وت ، به‌یته‌رییه‌، دوو یاریگا یاریگایه‌كی گه‌وره‌و یه‌كێكی بچوك -تارتان- ). سێ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی قیرتاو ده‌تگه‌یه‌نێته‌ ناو ناحیه‌، ئه‌وانیش : (ڕێگه‌ی كانی شه‌یتان-ئاغجه‌له‌ر) له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌، ڕێگه‌ی (ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند-ئاغجه‌له‌ر) له‌باشووری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌، ڕێگه‌ی (كۆیه‌-ته‌ق ته‌ق-گۆپته‌په‌-ئاغجه‌له‌ر) له‌ باكورو باكوری رۆژئاواوه‌. ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆری شوێنه‌واری دێرینه‌ كه‌ زۆربه‌یان مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ریته‌وه‌ بۆ پێش ئیسلام. به‌شێكی زۆری سنوری ناحیه‌كه‌ پێیده‌وترێت (قه‌ڵاسێوكه‌)، جگه‌ له‌مه‌ به‌شێكی سنوری (شێخ بزێنی) و (شوان) ده‌كه‌وێته‌ سنوری ئیداری ناحیه‌كه‌وه‌.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM