بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ

لە پێش مانگی ئاداری 2018 دروستكراون، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019 جێگیركراو تاپۆ دەكرێن، هەر خانووێكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە و ئێستاش لیژنەی تایبەت پێكهێندراوە، هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوای زیادكردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و یاسایی و ئیداری لە سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان كردووە پەلە بكەن بۆ تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاپۆكردنی ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون، رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسای ژمارە 3ی جێگیركراو و بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو خانووانەی لە پێش مانگی ئاداری 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون تاپۆ دەكرێن. دەشڵێ: پێشر یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2018 بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆیی دەرچووە و هەر خانووێكیش لە پێش ئەو رێككەوتەوە بەزێدەڕۆ دروستكرابێت، ئەو یاسایە دەیگرێتەوە بۆ تاپۆكردن.

دەربارەی دواكەوتنی جێبەجێكردنی یاساكەش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: بە هۆی پشووی فەرمانگەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵ، نەتواندرا رێكارەكانی ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێن و ئێستاش وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دەركردووە بۆ ئەوەی یەكە ئیدارەییەكان دەستبكەن بە رێكارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووانە.

دەربارەی رێكارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: كەسی زێدەڕۆكار داواكارییەك پێشكەشی یەكە ئیدارییەكەی دەكات و یەكەی ئیدارییش لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ راییكردنی كاروبارەكانی ئەو بابەتی تاپۆكردنە. هەروەها سەبارەت بە رێكارەكان لە شار و شارۆچكەكان، دەشڵێ: خانووەكە لە ناو شارەكان نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت، لە قەزاكان 250 مەتر و ناحیەكانیش 300 مەتر زیاتر نەبن.

سەبارەت بە نرخی تاپۆكردنی ئەو خانووانە، ئاماژەی بەوەش كرد: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رەچاوكردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە پڕۆژە یاساكەدا نرخی زۆر رەمزی پێشنیار كرد، لە سەنتەری پارێزگاكان مەتری لە نێوان 15 تا 30 هەزار دینار و لە شارۆچكەكان مەتری 10 تا 15 هەزار دینار و لە ناحیەكانیش مەتری 5 تا 8 هەزار دینارە. سەبارەت بە كەسوكاری شەهیدانیش ئاماژەی ئاماژەی بەوە كرد بە حوكمی بڕگەكانی یاساكە كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان، ئەنفالكراون، كەمئەندامان ئەو حوكمە داراییە نایانگرێتەوە. هەروەها هەر زێدەڕۆییەك كرابێتە سەر زەوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستانیش تاپۆ ناكرێن.

دەربارەی تاپۆكردنی زەوی كارت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: تاپۆكردنی زەوی كارت پڕۆسەیەكی بەردەوامە لەنێوان سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و ئەوانەی لە پارێزگاكانن لەگەڵ فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی وەزارەتی داد، ئەو پڕۆسەیە ئەگەر هیچ گرفتێكی یاسایی نەبووبێت بەردەوام بووە و بەشی زۆری ئەو زەوییە كارتانە كراونەتە سەنەدی خانوو و رادەستی شارەوانییەكان كراونەتەوە و ئەوانیش رادەستی هاووڵاتییانیان كردووەتەوە، تەنیا وەك نموونە ئێستا لە شاری هەولێر شەش هەزار سەنەدی دیكە لەلایەن فەرمانگەی تاپۆوە ئامادە كراون، بە نووسراو و رێنماییش هەموو سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانییەكان ئاگادار كراونەتەوە پەلە بكەن بۆ زیادكردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و ئیداری و یاسایی بۆ ئەوەی پرۆسەكە خێراتر بێت.

کۆمێنتت بنوسە
Share Button
Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM