سەیرانگای سەرچنار

سەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شار . جاران بەھۆی لاوازی کەرەسەی ھاتوچۆوە و کەمی دانیشتوانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی ، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..ھتد . وە ھەروەھا سەرچنار بەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.

ھاوینە ھەواری دوکان

بەنداوی دوکان لە خۆر ئاوای شاری سلێمانی بە دووری [ ٧٠ ] کم و لەسەر زێی بچووک دروست کراوە ، کە بریتی یە لە دەریاچەیەکی مەزن و بڕی [ ٦.٨ ملیار م٣ ] ئاو گل دەداتەوە ، ئەم دەریاچەیە بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنج راکێش و گەشتیاران لە زۆر ناوچەوە ڕووی تێ دەکەن ، ئۆتێلێکی گەورەی بە ناوی [ میراڵ ] و کۆمەڵێک کابینەی جۆراو جۆری لێ بنیاد نراوە ، گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتی بۆ دەکەن .

باخ و پارکەکانی شار

باخی گشتی

باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروستکرد ، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە ، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.

  • ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دواییەدا دروستکران :
  • تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی ، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر ئەبوو لە ئاو ، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو ، خەڵک لە بەھارا ئەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لە کاتێکدا دروستکرا کە شێخ مەحمود حوکمدار بوو ، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
  • باخی شێخ لەتیف(شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن ، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.
  • باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو ، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو ، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی ئەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
  • باخی مەجید بەگ: لە باکوری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتی‌یە.
  • باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
  • باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانیەوە.
  • باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). ئەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو ، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە ئەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی ئەبڕران ، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.

شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی‌ باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان ئەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. ئەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری‌ گەورەی عەرەب محەمەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.

Copyright 2016-2017, All Rights Reserved © Powered by :GDSM