پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی سەیدسادق بەردەوامە
پڕۆژە و هەڵمەتەکانی کۆنکرێتکردن و خزمەتگوزاری لە کۆڵانەکانی قەزای سەیدسادق بەردەوامییان هەیە و لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا کار لەسەر چاکسازی و ڕێکخستنی کۆڵان و گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکە کراوە، لە نوێترین هەنگاویشدا کۆڵانێک لە تەنیشت چەمی چەقان کۆنکرێتکرا.
تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سەیدسادق بە سەرکەوتوویی پرۆسەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانێکیان لە
( گەڕەکی سەرای) چەمی چەقان جێبەجێکرد، ئەم هەڵمەتانە وەڵامدانەوەیە بۆ داواکاری هاووڵاتییان بەهۆی خراپی ڕێگای کۆڵانەکان لە وەرزی بارانبارین و دروستبوونی قوڕ و لیتە.
لەماوەی ڕابردوودا هەڵمەتەکە چەندین ناوچەی جیاوازی گرتووەتەوە؛ لەوانە کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی خاک و باوەمەردە، کۆڵانەکانی “هێمن، کەنی زەرد، و بەرزایی بەرکێو” کە بەشەکانی شار بەیەکەوە دەبەستنەوە، کارکردن لەسەر ڕێگای گۆڕستانی نوێ، و ڕێکخستن و جوانکاریی کۆڵانی مزگەوتی گەورە لە سەنتەری شاردا.



