بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بەسەر کردەوە
لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا، ئەندازیار “ئاسۆ شێرکۆ” بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بە یاوەری بەشێک لە لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، سەردانی شارەوانییەکانی (چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر)ی کرد کە بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە ڕووبەڕووی زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و گیانی بوونەوە.
سەرەتا بەشێوەیەکی مەیدانی بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچوونی بۆ کێشە و ئاستەنگییەکانی سنورەکە کرد و گوێبیستی خواست و داواکاری سەرجەم سەرۆک شارەوانییەکان بوو، دوای سوپاس و پێزانینی زۆری بۆ هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەیاندنی پرسە و هاوخەمی بۆ قوربانیانی لافاوەکەی دوێنێ، لەهەمانکاتدا بەڕێزیان ئامادەیی هەموو هاریکارییەکی دەربڕی هەر لەڕووی خەرجکردنی نەسریەی پێویستەوە تادەگاتە دابینکردنی ئالیات و ستافی مرۆیی، بەڕێزیان ڕاشیگەیاند؛ بەهەموو توانامانەوە پاڵپشتان دەبین لە پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ دانیشتووانی سنورەکە.


























