بەدواداچوون بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوری تەکیەی کاکەمەند
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری خەڵک و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی سنوری تەکیەی کاکەمەند، “هەڵمەت هۆشیار” و “لاوێن شەهید ئەردەڵان” پەرلەمانتارانی کوردستان بە یاوەری “ئومێد لەتیف” بەڕێوبەری ناحیە و “ئیبراهیم ئەحمەد” سەرۆکی شارەوانی تەکیە و ژمارەیەک لێپرسراوی کارگێڕی ناوچەکە، سەردانی ئەندازیار “ئاسۆ شێرکۆ تۆفیق” بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیان کرد.
لەو سەردانەدا جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنووری تەکیەی کاکەمەند کرایەوە، هەروەها باس لە گرنگی تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە کرا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کاروبارە کارگێڕییەکان و دۆخی خزمەتگوزارییەکانی تەکیە تاوتوێ کران و جەخت لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و فەرمانگە حکومییەکانی ناوچەکە کرایەوە لەپێناو خێراترکردنی ئەو پرۆژە و کارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە.





