بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى هەڵمەتەکانى پاککردنەوەى چەمچەماڵى بەسەر کردەوە
ئەمڕۆ لە وێستگەى دووەمى بەسەرکردنەوە مەیدانییەکەیدا، (ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ) بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى بەیاوەرى تیمێکى ئەندازیارى، هەڵمەتەکانى پاککردنەوەى قەزاى ناوەندى چەمچەماڵى بەسەرکردەوە.
هەڵمەتەکان بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى (عەتا محەمەد) بەرپرسى نوسینگەى بەڕێز (قوباد تاڵەبانى) جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت و تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکانى سنورەکە بەشدارن تیایدا.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا (ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ) بە یاوەرى سەرۆکى شارەوانى چەمچەماڵ و سەرپەرشتیارانى بەشى ژینگەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى و کۆمپانیاى ئانزۆ، کۆمەڵێک پێگەى پاککردنەوەى شارەکەیان بەسەرکردەوە کە بەبێ وەستان کاریان تێدا دەکرێت، ئەوەى جێگەى دڵخۆشییە کارەکان زۆر بەباشى بەڕێوەدەچن و بەشى هەرەزۆرى شەقامەکان و خانووە زیانلێکەوتووەکان پاککراونەتەوە، تەنها کۆمەڵێک بینا و باڵەخانەى حکومى ماون کە بەمزووانە کارەکانى ئەوانیش تەواو دەکرێت، لاى خۆیەوە بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى دەستخۆشى زۆرى لە تیمەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونیانى بەرز نرخاند.




















