گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی شۆڕش بە تەواوەتی پاککرانەوە
لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز “قوباد تاڵەبانی” جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئانزۆ کۆنسترەکشن، گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی ناحیەی شۆڕش لە پاشماوی قوڕولیتەی لافاوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پاککرانەوە.
هەڵمەتی پاککردنەوەی ناحیەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی شۆڕش و ژینگەپارێزانی کۆمپانیای ئانزۆ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنورەکە ئەنجامدرا، تیایدا گەڕەکی “پیریادییەکان، باواییەکان، مۆفەرییەکان” لە پاشماوەی قوڕولیتە پاککرانەوە لەکاتێکدا زۆرترین زیانی لافاوەکەی ڕۆژی سێشەممە بەر دانیشتووانی ئەم سێ گەڕەکە کەوتبوو.
لەڕوونکردنەوەیەکدا، سەرۆکایەتی شارەوانی شۆڕش وێڕای سوپاسی زۆری بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆزی سنورەکە، لەهەمانکاتدا ڕایدەگەیەنێت؛ لەئێستادا گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان بەتەواوی پاککراونەتەوە.
















