ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى کرایەوە
ئەمڕۆ، ٣ی ئاب، بە ئامادەبوونی “ئاسۆ شێرکۆ تۆفیق” بەڕێوەبەری گشتی و لێپرسراوی بەش و هۆبەکان و فەرمانبەران؛ مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەنجامدا.
جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شەنگال؛ بیرەوەرییەکی تاڵ و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەسەر دەستی گروپی تیرۆرستی داعش ئەنجامدرا و هەزاران کەس کۆمەڵکوژ کران، هەزاران ژن و منداڵ ڕفێنران و سەدان هەزار کەس ناچار بە کۆچ کران، ئەم تاوانە لەلایەن ژمارەیەک دەوڵەت و دامەزراوەی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید ناسێنراوە.
هێشتا چارەنووسی هەزاران کەسی ونبوو، بە تایبەتی ژنان و منداڵانی ڕفێندراو دیار نییە، لەهەمانکاتدا زۆرێک لە کۆچبەران نەگەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و شەنگال بەردەوام لە ئاستەنگییەکانی جێگیرکردنی ئاسایشدا دەژی.
لە ساڵیادی ئەم کارەساتەدا پێویستە هەموان کار بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ونبووان و گەڕاندنەوەی گرتووەکان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ دانیشتوانی شەنگال بکەن، لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی بیرەوەریی قوربانیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە بکەن.













